ڕاپۆرت

وەلی دێوانە

137 بینراو

وەلی دێوانە

ئامادەکردنی : ستار حسن قادر

ناوی وەلید کوڕی کوێخا محەمەدە بە (حەمە سور) ناسراوە و لە تیرەی کەماڵەیی و لە هۆزی گەورەی جافە،

لەبارەی ژیان و مردنیەوە چەند بۆچونێک هەیە ئەوەی زۆرینە لەسەری کۆکن کە لە سەدەی هەژدەیەمدا لەدایک بووە، هەندێک ڕایش هەیە دەڵێن لە ساڵی ١٨٢٦ لەدایک بووە

وەلی لەناوچەی (بەکراوا) کە ناوچەیەکی مێژوویی گرنگە لە هەڵەبجە لەدایک بووە.

لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی حەزی کردووە فێری خوێندن و نووسین ببێت، لە شاری سلێمانی فەقێیەکی بۆگرتوە فێری خوێندنی بکات و لەسەر دەستی مامۆستاکەی مەلا یوسف فێری خوێندن و نووسین و و قورئان بووە. خوێندەواری وەلی دێوانە و ناوبانگی مامۆستاکەی گەیشتۆتە ھۆزەکانی تر. کوێخا قادر شێروان کە یەکێک بووە لە سەرۆک خێڵەکانی تیرەی کەماڵەیی و کچێکی ھەبووە بە ناوی شەم (شەمسە) داوای لە مامۆستاکەی کردووە ئەمیش فێری خوێندن بکات و پێکەوە لەگەڵ وەلی دێوانە خوێندوویانە،وەلی شەیدای شەم دەبێ و پەیمانی خۆشەویستیان بەستووە. دەچن بۆ خوازبێنی و بەڵام بڕیاریان داوە تا لە کوێستان بگەڕێنەوە بەدەستگیرانی بمێننەوە.

لە کاتی کۆچی گەرمیان و کوێستانی جاف لە کوێستانەوە بۆ گەرمیان، ناکۆکی لە نێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی لە (کەلی پەیکووڵ)  کە خەڵکی ناوچەکە  (بتخانەیان) پێ وتووە، کە شوێنەوارێکی سەردەمی ساسانیەکانە کە دەکەوێتە نزیکی گوندی (بەرکەل) لە قەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانی ڕوویداوە.

بەھۆی شوێن لەوەڕی مەڕو ماڵاتەوە کە بنەماڵەی قوێخا قادر شێروان کە دەکاتە باوکی (شەم) هێرشدەکەنە سەر بنەماڵەی قوێخا حەمە سور کە دەکاتە باوکی (وەلی) و برایەکی بچوکی وەلی دەکوژرێت،  دواتر قوێخا حەمە سور هێرشدەکاتە سەر قوێخا قادر و دوان لە پیاوەکانی تیرەکەی دەکوژێت و ناکۆکیەیان گەورە دەبێت و بەهۆی ئەو ناکۆکییەوە، دوو دڵدار لەیەکتری دابڕاون و یەکتریان نەبینیوەتەوە.

خۆشەویستی شەم زۆر کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەم شاعیرە و زۆربەی شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی و لێک دابڕانی شەم بووە،ئەم دابڕانە کەلێنێکی گەورە لە دەرونی وەلیدا بەجێدەهێڵێت و دواتر وەلی سەری خۆی هەڵدەگرێت و ڕوودەکاتە شارەزوور..

هۆنراوەکانی وەلی دێوانە بە شیوەزاری هەورامی و لەسەر کێشی دە بڕگەیی خۆماڵی نووسراون، هۆنراوەکانی هۆنراوەی سادە و ئاسان و ڕەوانن ئەمەش تام و چێژێکی تایبەتی بە هۆنراوەکانی داوە.

دەرکەوتنی هۆنراوەکانی

سەرەتای ناسین و ناوبانگی هۆنراوەکانی وەلی دێوانە دەگەڕێتەوە بۆ پیرەمێردی شاعیر و ڕۆشنبیری مەزن کە شیعرەکانی وەلی لە شێوەزاری هەورامیەوە وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی و لە گۆڤار و ڕۆژنامەی ژین کە پیرەمێرد خۆی خاوەندارێتی کردووە بڵاوی کردوونەتەوە.

کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی

سەرەتای بەرهەمەکانی شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ سالی 1970 کە مەحمود خاکی کۆیکردوونەتەوە و چاپی کردووە، دواتر  عوسمان هەورامی  لە ساڵی 1976 دوبارە هۆنراوەکانی وەلی دێوانەی کۆکردوەتەوەو چاپی کردوون.

وە دواتر شاعیر و نوسەر صابر ڕازی (دیوانی وەلی دێوانەی) بەچاپ گەیاند.

کۆچی وەلی دێوانە

وەلی دێوانە لە ساڵی 1881 کۆچی دوایی دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆیشی کە دەڵێت:

“تەنیا گۆڕەکەم لە ڕێی خێڵان بێت

نزیک هەوارەی جاف و گۆرانبێت”

شوێنی گۆڕەکەی لە کێوی سەیدسادق لە ناوەندی قەزای سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانیە و لەوێ نێژراوە.

ئەمەش گوڵچنێک لە شیعرەکانی وەلی دێوانە
٭٭٭
فەلەک هەتاکەی فەلەک هەتاکەی
فەلەک لەدەرگات سزام هەتاکەی
تاکەی پەشێوحال رەنگم زەرد وەک بەی
تاکەی نالە نال بنالم چۆن نەی
تاکەی لەش بەبار لەخاکا کەوتوو
تاکەی دەردو ئێش بمکا بە مردوو
تاکەی فریشتەم چاوی لەخەوبێ
تاکەی رۆژی روون لەلای من شەوبێ
تاکەی بلێسەی گیانم لا تاو بێ
تاکەی خۆراکم خوێن و زوخاوبێ
تاکەی ئاگری دارونم گەش بێ
تاکەی لە شادی دلم بێبەش بێ
تاکەی سکاڵام لە رۆژگار بێ
تاکەی دەربەدەر جێگەم کۆساربێ
تاکەی ژیانم لە یاران جیا بێ
تاکەی ڕوم لەکەی ڕەشی تیابێ

تاکەی مەینەت کێش دەردم کاری بێ
تاکەی ژیانم بێ قەراری بێ
تاکەی بەحەسرەت دلم تاسا بێ
تاکەی شەش دەرم ڕێگەی گیرا بێ
تاکەی دێوانەت لە کۆساران بێ
تاکەی فرمێسکم تاوی باران بێ
تاکەی بێ مروەت بزانە حاڵم
تاکەی با جەفای تۆوە بناڵم
٭٭٭

هەی شەمی شەوان هەی شەمی شەوان
ھەی شەمی بەشەوق چلچرای شەوان

ھەی ژیانی من ھەی ڕۆحی ڕەوان
ھەی گلێنەیی دیدەی بێخەوان

ھەی عەنبەرینخاڵ سۆسەنیکڵاف
ھەی ڕووناکایی ڕەشماڵانی جاف

ھەی من پەروانەی پەڕسووتاوی تۆ
ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ

تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ نادەی بە ئاھ، زامی سەختی من

ناپرسیت ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێباکی لە تین قرچەی دەروونم

ھەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە

بێمروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیاستارەم

وادەی من و تۆ دیوانی خوا بێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ

شەمی ڕوومەتشەم تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت
٭٭٭

یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەر چەن کەوتوومە دوورە وڵاتان

تەنیا گۆڕکەم لە ڕێی خیڵان بێ
نزیک هەوارگەی جاف و گوران بێ

کیلێکی بەرزیش بە قەت باڵای(شەم)
لە ژوور سەرم بێ، بێ زیاد و بێ کەم

تاقێکیش وێنەی تاقی برۆی ئەو
کە سوجدەگاهی گیانم بێ بە شەو

بنووسن بە خوێن جەرگی سەر کردووم
کە من بە تیری دەستی(شەم) مردووم

چونکە ئەو(شەمە) تاتاری چینە
لە دەشت بێزارەو و چیا نشینە

بەڵکوو هەڵکەوێ لە ڕاگۆزارێ
ڕێگای بخاتە سەر گۆڕم جارێ

بزانێ کوشتەی دەستی خۆیەتی
لە خاکا مەیلی ڕه‌نگ و بۆیەتی

جوابی پرسیاری گۆریشم وایە
یاری مەحشەرم شەری لەیلایە

٭٭٭

برەو میدیا

سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button