بیروڕا

مرۆڤ و عەقڵ و سروشت

98 بینراو

دانا مەنمی
عەقڵ پێویستییەكی جیانەكراوەی بوونەوەری زیندووە، هوشیاری واتە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە خود و لە مرۆڤ و لە سروشت ،ئینسان بە هەموو بوونییەوە پێویستە لێی بکۆڵدرێتەوە و هەموو ئینسانی هوشیارو بەئاگا بەرهەمی زانستەو عەقڵ بەرهەمی زانستە، بەرهەمی واقیعبینییە، شارستانیەتی ئەمڕۆ بەرهەمی عەقڵە و عەقڵیش بەرهەمی زانستە ، کەواتە زانست نەبێت عەقڵ پێش ناكەوێت ،عەقڵ بەرهەمی زۆربوونی زانیارییە،ئینسانی داهێنەر کائینێکی ڕەخنەگرە هەمیشە بە چاوێكی ڕەخنەگرانە تەماشای واقیعی خۆی و سەیری ڕوانگەی بەرانبەر و سروشت دەکات .

ئەم گەردوونەی کە تێیدا میوانین بەردەوام بە پێی تیۆری فیزیای دەکشێ و گۆرانی بەسەردا بێت ، کۆمەڵگاکانیش دەگۆڕێن هەندێک بۆ ئاشتی و هەندێک بۆ توندوتیژی ، خودی مرۆڤیش دەگۆڕی و ڕوبەڕوی تەحەدیاتی نوێ دەبێتەوە و ئاکارو تێگەیشتنەکانیش جودان ، لە سەردەمی جیهانگیری و ئینتەرنێتدا مرۆڤەکان زیاتر تێگەیشتنیان فراوانترە و عەقڵ زیاتر کراوەیە بە ڕووی سروشت و کۆمەڵگادا ، هزری مرۆڤ گرنگە بۆ تێگەیشتن لە خودی مرۆڤ و کۆمەڵگا و سروشت ، پەیوەندی هزر بە عەقڵەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆزە ، خۆ ئەگەر عەقڵ کۆمپیوتەر بێت ئەوا هزر سۆفتوێرە ! عه‌قڵ به‌ لای ئه‌فڵاتۆنه‌وه‌ بۆ سێ میحوه‌ر دابه‌ش ده‌بێت تاوه‌كو له‌ واتای گشتی تێبگات، ئه‌وانیش :
یه‌كه‌م: وه‌بیرهێنانه‌وه‌
دووه‌م: مشتومڕ
سێهه‌م: هێزی حه‌ز یان خۆشه‌ویستی
هەمیشە عەقڵ توانیویەتی بیرۆکەی جیاواز لێکبداتەوە و بیرۆکەکان ئاوێتە بکات و بیرۆکەیەکی نوێ بەرهەم بهێنێت ،ئاکارو تێگەیشتنی مرۆڤیش بەردەوام دەگۆڕێ ، توانای مرۆڤ بەندە بە تێگەیشتن لە خود لە سروشت و لە کۆمەڵگا .

سروشت و مرۆڤ پێکەوە بەندن ، مرۆڤ بەشێکی زۆر گچکەیە لە گەردونێکی زەبەلاح دا ، بەڵام مرۆڤ بەهۆی ژیرییەوە توانیویەتی کاریگەری گەورە لە سەر گەردون دابنێت، سروشت لای هیگڵ ئەو ناوەندەیە کە دەبێ ڕۆح پێیدا گوزەر بکات و کاروانسەرای ڕۆحە ، هاوکات لینکی بە یەکگەیاندنی لۆجیک و رۆحیشە، هیگڵ رۆح تەوزیف دەکات بۆ کایە جیاوازەکان کە ئەوانیش کایەی خودئاگای مرۆڤ و هونەر و فەلسەفەیە ، ڕۆح و ئازادی دوو تێرمی هاوواتای یەکترن و لای هیگڵ ماهییەتی رۆح ئازادییە ،بەڵام سروشت لای فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی فریدریك نیچه نادادی زۆری تێدایە و پێی وایە هیچ یاسایه‌كیش نییه‌ كه‌ ئه‌و دۆخه‌ی خوار بۆته‌وه‌، ڕاست بكاته‌وه‌ .

بەدرێژایی مێژوو بیرمەندان و فەیلەسوفان لە بەردەم تەفسیرو ڕڤەی جیاوازدا بوون و نوسخەی جۆراو جۆری فیکرییان بەرهەم هێناوە ، زۆرجار تەفسیری فەیلەسوفان دژ بەیەکتر بووە ،لە ناو سروشتدا عەقڵ ڕۆڵ دەگێڕێت و بگۆڕی کۆمەڵگاکانە بە ڕێژەیەکی باڵا لەسەدەی هەژدەوە عەقڵ ڕۆلێکی گرنگی گێڕاوە و رازی نابێت کە كێشەیەك لەسروشتدا هەیەو سەری لێدەر نەکات ، سەرباری ئەم ڕۆڵە گرنگەی عەقڵ عەقڵانییەت لەگەڵ عەقڵدا ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە ، ئەم ڕەخنەیبوونەی عەقڵ بەشێکە لە پەرەسەندن، گەشەكردن، باڵابوون، پێشكەوتنی عەقڵ و کۆی ئەم کردەیە لەناو عەقڵ و عەقڵانیەتدا بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و سروشتەکەی لە سایەی زانستدا کار دەکات .

ناكرێ مرۆڤ و كۆمەڵگای كوردی بە هیچ كۆمەڵگایەكی دەوروبەریشمان بەراورد بكەین، لە (٣٠)ساڵی رابردوودا، تا دێت بەرەو دواوە دەگەرێینەوە و هیچمان بونیاد نەناوەو بەردەوام لە هەڵوەشاندنەوەو داڕمانداین، کلتورێکی سیاسی مەترسیدار ڕەگی داکوتاوە ، تەیفێک لە سیاسی نەگۆڕ بە ناوی شەرعییەتی شۆڕشگیرییەوە خۆیان وەکو میراتگر سەپاندووە ، تاکە پاساویان بۆ مانەوە تەنها ئەوەیە کە ئەمانە خاوەنی خەباتی شاخن و مافی خۆیانە هەتا هەتایە میراتگر بن ! هەرچەندە هەموو هەلبژاردنێک لایەنگرو ئەندامانی ئەم تەیفە میراتگرە خۆسەپێنەرە بە سروشتی بەرەو کەمبونەوە و بەرەو نەمان دەچن ،بەڵام هێشتا ڕێگە بۆ کەسانی پسپۆڕو خاوەن ئەزموون چۆڵ ناکەن و بەڵکو زەمینەو دەرفەت بۆ نەوەکانیان دەرەخسێنن کە جێگرەوەیان بن .

سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button